ڕزگار جەباری

ماموستا "ڕزگار جەباری" به ناوی تەواوی: "ڕزگار تەیب محەمەد"، ساڵی ١٩٨٠ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە.
ماوەی ٨ ساڵ لە ئۆردوگای سەریاس و لە بناری شاخی شاهۆ لای پاوە و ئۆردوگای سەحنە لە دەشتی چەمچەماڵ سەربە پاریزگای کرماشان ژیاوە.


(۱)
[مۆر]
کاغەزێکم لە بابا تاهیر دزیوە
دەبێ بیگەیەنم بە دیۆنیسۆس
یان شەیتانی شیعر
بە خوێنی خۆیان مۆری بکەن

جامێکم لە حەللاج وەرگرتووە
مۆری تاوانی لە دڵ شۆردووەتەوە
هیچکات؛
هێڵەکانی سەرنووکی پەنجە
بە کالانی خەنجەری سەوزەوە جێناهێڵم

من تەنها بەدوای
مۆری سەرشانی خۆم کەوتووم


(۲)
[لیریك]
(خراپ نەخۆشم)
ترساوم لە تریفەی مانگ و
بە ڕۆژی هەینیش ناشكێ

بە بۆنی نێرگزەوە بووم و
خۆمم زۆر خۆش دەوێ

ناوكم كەوتووەتە ناو زنەیەكەوە
بەهۆی سێبەری خۆمەوە نایدۆزمەوە

لە بەیبوونەوە زەردووم گرتووە
كەچی پاییز هەر سەوز دەبینم

دەنكە هەڵاڵەی شیعر
پەڕیوەتە گەرووم
ژانی دارستانێكی قەرەبرووت بەرم نادات

شنەی كازیوە دەستی لێ وەشاندووم
نوشتەی یار لە ملم دەكەم

مۆتەكە بە پەرییەوە دەبینم
فوو لە خەڵووزی ڕوحم دەكەم

خراپ نەخۆشم


(۳)
[دیوی شاراوە]
هەمیشە هەوڵم داوە وەكوو مانگ بم
دیوی تریفەم دیار بێ
هەوڵ مەدە پەی بە دیوە تاریكەكەم ببەی
كە لە پەنجەرەكەت نادات!

هەمیشە هەوڵم داوە وەكوو ڕووبار بم
خواستی خۆم بێ یان نا
هەندێ گۆمم لە هەناودا هەڵگرتووە
هەوڵ مەدە بەردی تێ فڕێ بدەی
مادام بۆنی ناگاتە ماڵەكەت.

هەمیشە هەوڵم داوە وەكوو سێو بم
بە چڵێكەوە لە حەوشەی خۆمدا
دەشێ كرمێك لێیدابم
بیر لە چەقۆ مەكەرەوە
مادام ڕەنگێك بە تەماشات دەبەخشم.

هەمیشە هەوڵم داوە
لەبێداریدا دەستی ڕاستت بدەمێ
هەوڵ مەدە بزانی خراپ خەونت پێوە
دەبینم

من كارم بە تاریكی و گۆم و كرم و خەونی
تۆوە نییە
مادام ناگاتە پەنجەرە و ماڵ و حەوشەی من.


(۴)
[لیریکا]
دوانزەمانگەی ساڵ...
درەوشاوەی وەکو مانگی پڕ
...
یانزە دوژمنت هەبێ...
ناتوانن تریفەکەت بکوژێننەوە
...
دە یاسای تابلۆ بەردینە
لەژێر پێی تۆدا دەبن بە گڵ
...
نۆ هەسارە
بەدەوری خەیاڵی تۆدا دەسووڕێنەوە
...
هەشت دەرگای بەهەشت
لەتۆوە دەست پێدەکات
...
حەوتەوانەی ئەستێرە
بەختی تۆ ڕادەگرن
...
شەشپاڵوی زار
لەسەر ناوی تۆ دەکەوێ
...
پەنجەکانی دەستی ڕاستم
لەژێر قسەی تۆ مۆر دەکەم
...
چوار لای ژیان
دەبنە ڕووگەی ئەوینی تۆ
...
سێ بە سێ
بەردی بناغەی ماڵەخەوینەیە
...
دوو چاوم هەیە
تۆی پێدەبینم
...
یەک دڵیشم هەیە
تۆی پێ دەئەڤینم


(۵)
[ونبوون]
دڵۆپێك ئاونگ
دەڕژێتە ناو دەریاوە
...
گەندەپەڕێكی سپی
لێدەبێتەوە سەر سینگی بەفر
...
گۆپكە گەڵایەك
هەڵدەوەرێتە بن سەوزەزارێكەوە
...
گەردیلەیەك خۆڵ
ڕێیدەكەوێتە بیابانەوە
...
تروسكاییی مۆمێک
دەكەوێتە ژێر تیشكی هەتاو
...
دەنكە زەنگیانەیەكی ڕەش
دەكەوێتە كۆشی شەوەزەنگەوە
...
ئەمەیە مردنی من


گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی
دیدگاه ها (۰)

کتاب طولانی ترین شب

فەرهاد پیرباڵ

خاڵە بەکر

عەلی پاکی

در حال بارگزاری

خطا در دریافت مطلب های مرتبط