ئەمیر ئەمین

کاک "ئەمیر ئەمین" شاعیر، نوسەر، شانۆکار و پێشمەرگە‌ی کورد له باشووری کوردستانه.
ئەم جوانکارە دەس‌ڕەنگینە، خاوەنی کتێبێکی شیعری بە نێونیشانی "من و تۆ بۆ لەدایک بووین"ـه.


(۱)
ئێمە بولبولێک بوین بۆ ئەوەی بەسەر چڵی مردنەوە نەنیشینەوە بەسەر دڕکەزی ژیانەوە نیشتینەوە
بەدەم گۆرانی چڕینەوە خوێن لەدڵمان دەچۆڕا،
سەربازێک بوین بۆ ئەوەی گوللەی مردن نەمان شکێنێتەوە خەونەکانمان لەسەرمان دەرهێنا و کردمان بەژێر خودەکانمانەوە.
بەبێ خەون گەڕاینەوە و ژیان وەک مردویەکیش پێشوازی لێنەکردین،
چیرۆکی بێخەونیمان شەوان بۆدڵی شکاومان دەگێڕایەوە.
ڕۆژەکانم یەک یەک لەسەر پێستم دەکوژاندەوە،
شوێنێکی گیانم نیە ئاسەواری سوتانی ڕۆژێکی پێوەنەبێت،
ئەوەی ئێوە وەک خاڵ دەیبینن ئەستێرەی ئەوخەونانەن لەژیانم دا کوژانەوە
ئێستە دەبێت لەسەر ئەم تەختە ڕەشە بەخوێنی دەمارەکانم بنوسم
شکان
بۆئەوەی هەرکەس خوێندیەوە ئەو هەرەسی کێوە
ئەو لافاوی توڕەی ژیانە
ئەو گەردەلوولی مردنە
لەگیانی دا دەنگ باتەوە،
بەشێکیتر لەشیعری شکان


(۲)
هه‌موو ڕۆژێك له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌دا ده‌وه‌ستا
هه‌موو ڕۆژێك چاو له‌ڕێ جگه‌ره‌ی ده‌كێشا
به‌ڵام سبه‌ینێ به‌عه‌لاگه‌كانی خۆشبه‌ختیه‌وه‌ هه‌رگیز نه‌گه‌یشت
هه‌موو ڕۆژێ
جگه‌ره‌و په‌نجه‌ره‌و چاوه‌ڕوانی
چاوه‌ڕوانی و په‌نجه‌ره‌و جگه‌ره‌
په‌نجه‌ره‌و جگه‌ره‌و چاوه‌ڕوانی
به‌ڵام خۆزگه‌ مێژوو
ده‌سته‌ سڕێك نه‌ئه‌بوو بۆ وشككردنه‌وه‌ی فرمێسك
له‌نێوان په‌نجه‌ره‌و جگه‌ره‌و چاوه‌ڕوانیدا
له‌دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی ته‌نهایی و فه‌رامۆشی
كه‌سێكی تر ئه‌م شیعره‌ی ته‌واو كردووه‌
بۆچی كه‌س ئه‌و ته‌رمه‌ی نه‌بینی
له‌نێو ژوره‌كه‌یدا بووبوو به‌ئێسقان؟!


(۳)
شکان
تەمەن
بەردێکی گەورەبوو لەسەر پشتی باوکم کەوتەخوارەوە
بۆ سەر پشتی من
من لەگۆرانیەکانیدا شکانەکانی باوکم دەبیستم
کوڕەکەم لەشیعرەکانی من دا شکانەکانم دەخوێنێتەوە

ژیان گۆزەیەکی شین بوو
تائەوکاتە پڕ بووتائەوکاتە جوان بوو
کەبەسەر شانی گەنجێتی دایکمەوە بوو
کە پیری خستیەخوارەوە
بە لۆچەکانی ڕووخساریدا دەزانم
کەگۆزەکە شکا بوو بەچەند پارچەوە
کە یادەوەری ڕۆژێگارێک دەگێڕینەوە
بەهێڵەکانی ڕووخساریدا دەزانم
ڕۆژێکی ڕێکی نەبووە دایکم

خودا مرۆڤ بەدونیایە بۆشاییەوە درووست دەکات
بۆئەوەی یەکتری بشکێنن و خۆیانی پێ پڕبکەنەوە
بۆیە مرۆڤەکان یەکتری دەپشکنن بۆ پارچەی خۆیان دەگەڕێن
پارچەی مرۆڤەکان وەک تۆوی بابردوو
بەنێو شار و دەشت و چیاکان دا بڵاو بوەتەوە

شەوێک دێیتە دەرەوە بۆ شکانی خۆت گۆرانیەک بڵێیت
کەسێک لەدەرگا دەدات
هاتوە بۆ شکانی خۆی گۆرانیت بۆ بڵێت
دەنگی کامتان بەرزتر بوو ئەوە خێراتر شکاوە
دەنگی کامتان تەنکتر بوو ئەوە قوڵتر شکاوە

شەیتان یەکەمین شکێندراوی دەستی خودایە
خودا هەر پارچەیەکی هەڵدایە نێو مرۆڤێکەوە
بۆیە لەوڕۆژەوە شەیتان بەنێو مرۆڤەکان دا بۆخۆی دەگەڕێت
مرۆڤیش هەموو ئایەتە ئاسمان و زەمینیەکانی پشکنی
جگە لەبەڵێنی چاوەڕوانی هیچی دەستنەکەوت

بەردەکانی شکاندو لەسەر شێوەی پارچە ونبووەکەی
خودای دروستکرد و ژیانی لاری خۆی پێڕاست نەکرایەوە
پیتی داهێنا و یەکەمین وشە کەنوسی گەڕان بوو
دواین وشە کە نوسی شکان بوو!
بەشێک لەدەقێکی نوێ
ئەمیر ئەمین
زینانە ی کفری



گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی
دیدگاه ها (۰)

جدول شماره ۱۰

روزامه اطلاعات

ڕێبوار تەها

ڕێباز مەحموود

سارا عوسمان

شنیا عه‌بدولمه‌جید

در حال بارگزاری

خطا در دریافت مطلب های مرتبط