به‌شدار سامی

کاک "بەشدار سامی"، شاعیر و فۆتۆگرافەر، ساڵی ١٩٨٤ لە دایک بووە. لە دەنگە نوێیەکانی شیعری کوردییە و زیاد لە دە ساڵە دەنووسێت. تا ئێستا سێ کتێبی شیعریی چاپ کردووە: «سبەی ڕۆژێکی دیکەیە»، «ڕۆیشتن بە ئاراستەی مردووە بەڕێزەکان» و «ئەمڕۆ شەممەیە ئەگەر هیچ کێشەیەک ڕوو نەدات». لە نووسینەکانیدا بەردەوام هەوڵی داوە لە خۆی بدوێت و نیگەرانییەکانی دنیای تایبەتیی خۆی بکات بە شیعر.


(۱)
[لەبیرنەکراو]
لەنێو خەلکیدا خەلکی لەبیرنەکراوی من تۆیت
تۆیت کە دەبێت لە سەفەرمدا بیت
تۆیت کە دەبێت لە خەونمدا بیت
تۆیت کە دەبێت لە پێخەفەکەمدابیت
ژنانی دی ھی پیاوانی دیکەن
شەوانی ھاوینی گەرم ئەستێرەکان کەدەبینم و
بیر لە خەلکی خۆم دەکەمەوە
خەلکی من تۆیت
ژنانی دی خەلکی پیاوانی دیکەن
خەلکی من تۆیت
تۆیت لە رۆژێکدا پێنجھەزار جار پێتدەلێم
خۆشمدەوێیت و
خەلکی من تۆیت .


(۲)
[لە گوڵ دەترسم]
لە شەو دەترسم، لە نەخەوتن، لە دەنگ
لە خواردنه‌وه‌ی ئاو ده‌ترسم،
له‌ به‌ته‌نیا چوونه‌سه‌ر ته‌ختی ڕاكشان
له‌ یاده‌وه‌ری،
له‌ ئه‌مڕۆ كه‌ تێ ناپه‌ڕێت
له‌ شه‌و ده‌ترسم، له‌ نه‌خه‌وتن و له‌ ده‌نگ
له‌ تاریكی، له‌ هه‌ڵكردنی چرا و
له‌ به‌ته‌نیا چوونه‌سه‌ر ته‌ختی ڕاكشان ده‌ترسم
له‌ خۆشویستن ده‌ترسم
له‌ ڕۆیشتن هه‌نگاوێك كه‌ دوور ده‌كه‌وێته‌وه
له‌ نه‌هاتنه‌وه‌ ده‌ترسم
لە یادەوەری دەترسم، لە نەخەوتن،
لە مۆسیقا، لە شەو
له‌ خۆشویستن دەترسم.
من تەنیام،
لە گوڵ دەترسم.


(۳)
[ئێوارەیەک لە هەولێر]
ده‌ست له‌نێو پاڵتۆ
به ‌جاده‌كان
جاده‌ دوورودرێژه‌كاندا ده‌ڕۆیشتم
زستان
باران
سه‌رما بوو
ده‌ست له‌نێو گیرفانی پاڵتۆدا
ده‌له‌رزی و
ترووسكایییه‌ك نه‌بوو خۆمی پێ گه‌رم بكه‌مه‌وه‌
ده‌ست له‌نێو پاڵتۆ
به ‌جاده‌كان
جاده‌ دوورودرێژ و سارده‌كاندا
ده‌ڕۆیشتم و
غه‌ریبتر له‌ من له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌بوو


(۴)
حەمەدەمین زۆر بێزار بوو
کاعەباسیش زۆر بێزار بوو
حەمەدەمین گوتی: کاعەباس لۆ بێزاری؟
کاعەباس گوتی: ئەدی حەمەدەمین، ئەتوو لۆ بێزاری؟
حەمەدەمین، سەری بادا
کاعەباسیش سەری بادا
حەمەدەمین گوتی: کاعەباس زۆر بێزارم
کاعەباس گوتی حەمەدەمین ئەمنیش زۆر بێزارم
حەمەدەمین لە داخی کاعەباس زۆر تووڕە بوو، جنێوی بە مەلا دا
کاعەباسیش لە داخی حەمەدەمین زۆر تووڕە بوو بەڵام جنێوی بە مەلا نەدا.
حەمەدەمین جگەرەیەکی پێ کرد
کاعەباسیش جگەرەیەکی پێ کرد
حەمەدەمین گوتی: کاعەباس تۆ منی؟
کاعەباس گوتی: ئەدی حەمەدەین تۆ منی؟
حەمەدەمین مستێکی لە کاعەباس دا
کاعەباسیش مستێکی لە حەمەدەمین دا
حەمەدەمین قژی کاعەباسی ڕاکێشا
کاعەباسیش قژی حەمەدەمینی ڕاکێشا
حەمەدەین گریا و گوتی: کاعەباس با کەسێک بدۆزینەوە ئاشتمانکاتەوە
کاعەباسیش گریا و گوتی: حەمەدەمین با کەسێک بدۆزینەوە ئاشتمانبکاتەوە
ئێستا حەمەدەمین بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت لەگەڵ کاعەباس ئاشتی بکاتەوە
کاعەباسیش لەدووی کەسێک دەگەڕێت لەگەڵ حەمەدەمین ئاشتی بکاتەوە



گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە: #زانا_کوردستانی
دیدگاه ها (۰)

ڕەفێق سابیر

فەرهاد پیرباڵ

روزنامه اطلاعات

کتاب گربه می‌خواهد ماهی بگیرد

در حال بارگزاری

خطا در دریافت مطلب های مرتبط